ژیان جوانه
1.48K subscribers
4.94K photos
3.83K videos
243 files
6.94K links
پەخشان شێعر کورتە چیرۆک
قسەی خۆش بە زمانی کوردی
بۆناردنی هەر ڕەخنە و پێشنیارێک یان هەرچەشنە بابەتێک پەیوەندی بکەن
بەم ئەدمینەوە:
@NaderMostafazadeh
Download Telegram
🔳 ئایا دەزانن؟!

#سێخورمە

ئایا دەزانن هەموو ئەمارەتە کوردیەکان لە ماوەی سی و دوو ساڵدا لە لایەن عوسمانی و قاجارەکانەوە ڕۆخان و پاشان کوردستان بوو بە وڵاتێکی کلۆنی؟ ئایا دەزانن کورد لەو ڕۆژەوە کەوتوەتە هەناوی تەنگژەیەکی کوشەندەوە و هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەو تەنگەبەرە ڕزگار بکات؟ ئایا دەزانن ئەو تەنگژە سەرچاوەی هەموو گێرە و کێشەکانی گەلی کوردە؟ ئایا دەزانن ئەو تەنگژە بووەتە گرێیەک کورد هەرچی زیاتر ڕای دەکێشت زیاتر سفت دەبێتەوە؟ ئایا دەزانن ئەمارەتە کوردیەکان لە کام ساڵەکان ڕۆخان؟
(میرنشینی سۆران ساڵی 1836، میرنشینی موکریان 1840، میرنشینی بۆتان 1847، میرنشینی بابان 1851 و میرنشینی ئەردەڵانیش وەک دواهەمین ئەمارەتی کورد لە ساڵ 1868 زایینی ڕۆخا.)
ئایا دەزانن ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدۆڵا نەهری دوانزە ساڵ واتە لە ساڵی 1880 پاش ڕۆخانی ئاخرین ئەمارەتی کوردی سەری هەڵدا و لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا کورد لە خەباتێکی بەردەوامدایە؟ ئایا دەزانن شێخ یەکەم کەس بوو وشەی "نەتەوەی کوردی" بە کارهێنا و سنوورەکانی ئەو کاتی عوسمانی و قاجاری بەزاند و ئایدۆلۆژی کوردبوون و کوردایەتیش ڕەنگێکی ئەزموونکراوی بە خۆیەوە بینی؟ ئایا دەزانن لە درێژەی سەدەی بیستەم، دوو ئایدۆلۆژیای تر واتە سۆسیالیسم و فێمینیسم لەگەڵ ئایدۆلۆژی کوردایەتی موتوربە بوون؟ ئایا دەزانن لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش ئایدۆلۆژی ژینگەپارێزی هاتوەتە سەری ئەو باوەڕەکان و لەگەڵ ئەوانی تر بزافی کوردایەتی پێک دەهێنن؟ ئایا دەزانن لە نێوان ئەم چوار ئایدۆلۆژیایە واتە ناسیۆنالیسم، سۆسیالیسم، فمێنیسم و ژینگەپارێزی کامیان دالی گەورەی کوردستانە؟ ئایا دەزانن نەخوێندنەوە و وردنەبوونەوە لەو ئاڵۆزیە کە لەنێوان ئەم باوەڕانە هاتۆوەتە ئاراوە گرنگترین خەساری فەلسەفەی ڕزگاری و سەروەریی ئەم گەلەیە؟ ئایا دەزانن کام ئایدۆلۆژی ئەولەویەت بێت لە فەلسەفەی ڕزگاریدا زۆر چارەنووسسازە؟ ئایا گەلی کورد بەڕاستی لەو ئەولەویەتە بیری کردوەتەوە؟ ئایا دەزانن بزافی کوردی نەیتوانیوە لە جیاتی دژایەتی یان کەمتەرخەمی، ئایدۆلۆژیاکان بخاتە خزمەتی خۆیەوە؟ ئایا دەزانن کوردایەتی لە جیاتی تەماشاکردنی پەرەسەندنی فێمنیسمی ڕادیکاڵ، پێویستە و دەبێ گوتارێکی یەکسانیخواز لە نێوان ژن و پیاودا پەرە پێ بدات؟ ئایا دەزانن زیاد لە سێ چارەکە سەدەیەکە گوتاری نەتەوەیی، دالی گەورەی بزافی کورد و کوردستانە؟ ئایا دەزانن هەر ئایدۆلۆژیایەکیش ئەگەر لەگەڵ ئەم ئایدیایە هاوتەریب نەبووبێت یا دژایەتی کردبێت، مێژووی حەوت هەشت دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی یان بەزیوە، یانژی سەرکەوتنێکی نەبووە؟ ئایا دەزانن ئەگەر سەرکەوتنێکیشی بووبێت لاوازکردنی بزافی ڕزگاری و گەیشتن بە سەروەری گەل بووە؟
ئایا دەزانن گەلی کورد و سەرجەم بزافی کوردی بە هەموو ئایدۆلۆژیاکانیەوە ئەگەر مێژوویی "دالی گەورەی نەتەوەیی" فام نەکات ئەو تەنگژە کە پاش ڕۆخانی میرنشینەکانەوە هەتا ئێستا بەرۆکی کوردی گرتووە و بەرینەداوە، زیاتر لە جاران قووڵ دەبێتەوە؟ ئایا دەزانن بزافی کوردی ناچارە جارێکی تر بیر بکاتەوە بۆ داڕشتنەوە و جومگەبەندی (صورتبندی) سەرلەنوێی گوتارەکەی؟ ئایا دەزانن گوتارێک زیاد لە سەدەیەک لە تەنگژەیەکدا مابێتەوە یانی چی؟ ئایا دەزانن ئەم موریانە چی لە ڕۆحی نەتەوایەتی ئەم گەلەی کردووە؟ ئایا دەزانن لە سێ چوار دەیەی ڕابردوودا گوتاری کوردی نەتەنیا کێشەکانی کەمتر نەبوونەتەوە، بگرە هەم زیاتر بوون و هەمیش جۆربەجۆرترن؟ ئایا دەزانن گوتاری کوردی لەم چەند دەیەی ڕابردوودا لە بواری فکری و زێهنییەوە لەناو جەماوەری کورددا خەریکی پاشەکشەکردنە؟ ئایا دەزانن ڕۆحیەتی نەتەوایەتی لە سەدەی بیستەم بە پێچەوانەی ئەمڕۆ زاڵتر و هاودەنگتر و یەکگرتووتر بوو؟ ئایا دەزانن ئێستە دەمارگرژی حزبی و سوودی مافیایی، لەگەڵ ڕۆحی کورتبینی ناوچەیی، هاوتەریب لەگەڵ سۆزێکی هەوەنتەی دیالێکتپەرەست خەریکە هەنگاوەکان دەخاتە خزمەتی مێژوویەکەوە ساڵگارێکە "دالی گەورە"ی لە تاکی کورد نامۆ کردووە؟ ئایا دەزانن هەر ئەم کولتوورە دواکەوتووە سەروەری و ڕزگاری بۆ کورد کردوەتە ئەفسانەیەک هەتا تاکی ئەم کۆمەڵگایە تەنیا بۆ چێژبردن بیگێڕتەوە؟ ئایا بەڕاستی ئێمە مانای نەتەوەبوون و مانای چەمکی نیشتمان لە ڕووی فکری و زێهنییەوە دەزانین؟ ئایا بەڕاستی لەو چەمکانە لە ڕووی تێئۆریەوە وردبووینەتەوە ووێنایەکمان هەیە؟ ئایا دەزانین ئەگەر وێنایەکمان لە چەمکی نەتەوە و نیشتمان نەبێ هەرگیز ناتوانین لەسەر خەریتەی واقع بیبینینەوە؟
(گریمان نیشتمان سەندەلییەک بێت، ئایا من هەقم نییە پرسیارێک ئاراستەی دانیشتن بکەم؟)٭
ــــــــــــــــ
٭ لە شێعرێکی ڕەزا عەلیپوور وەرگیراوە.

کاناڵی ژیان جوانە،گەر چاوەکان جوانی ببینن

@Mostafazadeh2
👍1