پێگه‌ی دووربین Pegay Durbeen
3.71K subscribers
1.51K photos
679 videos
17 files
397 links
پایگاه تحلیلی - خبری دوربین

كوردی | فارسي

"کانال رسمی"


www.dorbeen.co
Download Telegram
بۆچی ئیسلامییەکان پێویستییان بەگۆڕانکارییە؟
ـ ٢٠٢٣/١٢/٢٣
هەفتەی ڕابوردوو لە گەڵ شێخی زیندان کورتە باسێکی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانمان کرد. ئەو وتی: "ئەگەر ئیسلامییەکان هەمان دەموچاوە کۆنەکان کاندید بکەنەوە، گومانی تێدانییە کە متمانەی خەڵک لەدەست دەدەن"

خۆ لەم ئوممەتە گەورەیەدا تەنها ئەو شەش پەرلەمانتارەی تێدانییە. ئیسلامیی پیاوی عاقڵ و بیرمەندیان تێدایە. دەتوانن پلانی بووژانەوەی ڕابوونی ئیسلامی داڕێژن، بەڵام داپۆشراون و دەنگیان نابیسترێت.
کەموکورتی گەورەی سەرکردەکانی حیزبە ئیسلامییەکان لێنەپرسینەوەیە لە پەرلەمانتارەکانیان، بەتایبەتی پەرلەمانتارەکانی بەغداد. هەندێک لە پەرلەمانتارە ئیسلامییەکان کاتێک چمکێکی نامەیەکی فەرمییان نیشان دەدەن، دەستبەجێ لە شاشەکانەوە دەردەکەون و لە باشترین حاڵەتدا فشار لە سەر حکومەتی هەرێم دروست دەکەن. کاتێک نەوتی کوردستان دەفرۆشرا، ڕۆژانە بڵاویان دەکردەوە لە کام بەندەری جهیانی ڕێگری لێکراوە. گوشاریان دەخستە سەر حکومەتی هەرێم کە داهاتە نەوتییەکەی ڕادەستی بەغداد بکات، بۆ ئەوەی بەغداد مووچەی مووچەخۆرانی هەریم بدات. ئێستا حکومەتی بەغداد دەیەوێت هەرێم داهاتە نانەوتییەکانیشی تەسلیم بکات و، هەمووشمان دەزانین بەغداد بە چکە چک پارەی مووچە دەنێرێت.
پەرلەمانتاری ئیسلامی هەبوو لە بن باڵی دکتۆر بەرهەم صالحەوە دژایەتی هەریمی دەکرد. سەرکردەی حیزبەکانیان ڕۆژێک لە ڕۆژان پێیان نەگووتن بۆچی دژایەتی هەرێم دەکەن، خۆ ئێمە بەشێکین لە حکومەتەکەی؟
هەندێک پەرلەمانتاری ئیسلامی وەک ئەوەی هەر خۆی بیرمەند بێت، ئیسلام و نەتەوایەتی و دیموکراسی تێکەڵ کردووە. نازانن ئەو خەڵکە لە ئیسلام و نەتەوەیی و دیموکراسی حاڵی بوون و، توانای لە یەکتری جیاکردنەوەیان هەیە. مەحاڵە ئیسلام لە سێبەری دیموکراسیدا گەشە بکات. ئاخر خەڵک چۆن متمانەی بەو سیاسەت و ستراتیژییەتە بمێنێت؟
کەواتە کەموکورتییەکە لە هەردوولایاندایە. نەسەرکردایەتی لە پەرلەمانتارەکانی دەپرسێتەوە و، نەپەرلەمانتارەکانیشیان لە ئاست هەرێمدا زمانی خۆیان دەگرن. بەهەردووکیان خزمەت بەعێراق دەکەن. ئەو عێراقەی لە ژێر باڵی دادگای فیدرالییەوە قاچی هەرێم دەبڕێتەوە و، هەرجارەو بەحوکمێک هەوڵ دەدات دامودەزگاکانی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە.
ڕاستە خەڵکی هەرێم گلییەیان لە حکومەتی هەرێم و گەندەڵی هەیە، بەڵام نایانەوێت جارێکیتر بچنەوە ژێر دەستی بەغداد، چونکە متمانەیان بە بەغداد نییە.
کێ ڕاوێژکاری ئەو سەرکردە ئیسلامییانەیە؟ با کەمێک واقیعییانە بارودۆخی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب بۆ سەرکردەکانیان ڕوون بکەنەوە. ئەو گەمارۆیە لەسەر پیاوە بیرمەندەکانی ڕابوونی ئیسلامی هەڵگرن، بەڵکو لەو پاشکۆییە خۆشیان و ئێمەش ڕزگار بکەن!!


#دووربین
#کوردستان
#هەڵبژاردن
#خالیدڕەنجدەر